بەو جەژنە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 22 هاووڵاتی کوژران
لە بەیانی ئەمڕۆوە 31ـی ئاداری 2025، کە دووەم ڕۆژی جەژنە لە فەڵەستین، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر کەرتی غەززە و بەهۆی ئەو هێرشانەش 22 هاووڵاتی سڤیل کوژران.
سەرچاوەیەکی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند: لەنێو ئەو 22 هاووڵاتییەی ئەمڕۆ بەیانی بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کوژراون، 6 یان منداڵن، جگەلەوانەشی بریندارن.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە تەندروستییەی غەززە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیاندا ماڵێکیان لە ناوەڕاستی خان یونسی کەرتی غەززە بە ئامانج گرتووە
بەپێی دواین ئاماری تەندروستی غەززە، لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمڕۆ بەیانی دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بە هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتە 50 هەزار و 357 کەس، 114 هەزار و 400 کەسی دیکەش بریندارن، جگەلەوەی بە هەزاران هاووڵاتی دیکەش تەرمەکانیان لەژێر دار و پەردووی باڵەخانە و ماڵە ڕووخاوەکانن.