نێچیرڤان بارزانی: با جەژنی ئەکیتۆ دەرفەتێکی نوێ بێت بۆ بەهێزکردنی خۆشەویستی لەنێو پێکهاتەکاندا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەژنی ئەکیتۆ پیرۆز دەکات و دەڵێت: هیوادارم ببێتە سەرچاوەی هیوایەک بۆ داهاتوویەکی باشترى پڕ لە گەشەسەندن و ئارامى و ئاسووده‌يى بۆ هەمووان.
سێشەممە، 01-04-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی سه‌ری ساڵی نوێی 6775ی بابلی، ئاشووری و جه‌ژنه‌کانی ئه‌کیتۆوه "گه‌رمترين پيرۆزبايى پێشکەش بە هاووڵاتییانی خۆشه‌ويستى کلدان و ئاشووری و سریان لە کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان" کرد و دەڵێت: هیوادارم جەژن و پشوویه‌کی خۆش و ئارام به‌سه‌ر به‌رن.
بە گوتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "جەژنی ئه‌کیتۆ بۆنەیەکی مێژوویی و دێرينى شارستانیی به‌هاداره، قووڵایيی ڕەگی کولتووری و مرۆیيی یەکێک لە دێرینترین پێکهاتەکانی ناوچەکەمان نيشان ده‌دات کە له به‌ره‌به‌يانى مێژووه‌وه بەشدارییان لە دروستکردنی شارستانیيەته‌كانی ناوچەکە و پاراستنی فرەڕه‌نگييه‌کەیدا، کردووە."
نێچیرڤان بارزانی لەم بۆنەیەدا "جارێکی دیکە له هه‌رێمى كوردستان جەخت لە پابەنديی هەمیشەییمان به پاراستنی ماف و ئازادییەکان و بره‌ودان به كولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن لەنێو هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانى كوردستاندا دەکەینەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: با ئەمساڵ جەژنی ئەکیتۆ دەرفەتێکی نوێ بێت بۆ پته‌وكردن و بەهێزکردنی خۆشەویستی و ژیانی هاوبەش و ڕێزله‌يه‌كگرتن لەنێو هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستاندا، هه‌روه‌ها سەرچاوەی هیوایەک بێت بۆ داهاتوویەکی باشترى پڕ لە گەشەسەندن و ئارامى و ئاسووده‌يى بۆ هەمووان. جەژنی ئه‌کیتۆ له هه‌موو لايه‌ك پيرۆز بێت، هەموو ساڵێك به خۆشى.