ئیسرائیل هاووڵاتییانی لە گەشت بۆ نیمچە دوورگەی سینا ئاگادار دەکاتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، هۆشداری داوەتە هاووڵاتییانی وڵاتەکە بۆ ئەوەی گەشتی نیمچە دوورگەی سینا لە میسر نەکەن.

سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنووتی ئیسرائیلی لە چاپی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنەکە لیستێکی ڕێنمایی و هۆشداری بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەو مەترسیانەش داوە کە لە ئەگەری گەشتیی جوو و هاووڵاتییانی ئیسرائیل لە نیمچە دوورگەی سینا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا نیمچە دوورگەکە یەکێکە لە شوێنە دڵخوازەکانی گەشتیارانی ئیسرائیلی کە بەردەوام سەردانی دەکەن.

لە هۆشدارینامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل هاتووە، "حەماس و چەند گرووپێکی دیکەی تیرۆریستی لە نیمچە دوورگەی سینا هەن، هەوڵی پەلاماردان و کردەی تیرۆریستیان هەیە لە دژی گەشتیارانی جوو و ئیسرئیلی هەیە کە بۆ بەسەربردنی پشووەکانی جەژنی زیندووبوونەوە ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن".

جەژنی زیندووبوونەوە، جووەکان بە جەژنی پیسەح ناوی دەبەن یان بە جەژنی ڕزگاربوونی جوو لە چنگی فیرعەونی میسر، کە بە یەکێک لە سێ جەژنە سەرەکییەکانی جوو ناسراوە و لەم جەژنەیاندا پشووێکی فەرمی حەوت ڕۆژەیان هەیە لە 12 تاوەکوو 19 نیسانی ساڵی میلادی بەردەوام دەبێت و خوانی تایبەت ئامادە دەکەن، ساڵانە بۆ بەڕێکردنی پشوو و جەژنەکەوە ژمارەیەکی زۆری ئیسرائیلییەکان گەشتی نیمچە دوورگەی سینا دەکەن لە میسر.