پزیشکیان: ئێران سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ عێراق

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆی کردووە و جەختی کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ عێراق بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و دراوسێ، ئەمەش لە پێناو شکست پێهێنان و پوچەڵکردنەوەی پلانی دوژمنان، کە مەبەستیان چاندنی دووبەرەکی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
ئاژانسی ئیرنای فەرمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 1ی نیسانی 2025، پزیشکیان بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە سوودانی و بەرپرسانی حکوومەت و گەلی عێراق کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی ئێران بایەخی زیاتر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە بوارە جیاجیاکاندا لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێی دێرینی دەدات.
هەروەها بە محەممەد شیاع سوودانی گوتووە:" ئێران سوورە لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێککەوتننامەکانی لەگەڵ عێراق لەپێناو پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە برایانەی لەنێوان تاران و بەغدا هەیە و لە هەمانکاتدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و دراوسێ، بۆ ئەوەی بتوانن شکست بە هەوڵی پلانگێڕی دوژمن و نەیارانیان بهێنن، کە مەرامیان چاندنی تۆوی دووبەرەکییە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
ئیرنا ئاماژەیداوە، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژن لە سەرۆک کۆمار و گەلی ئێران، هیوای خواستووە هەوڵەکانیان ببێتە مایەی یەکڕیزی و پتەوکردنی برایەتی نێوان ئێران و عێراق و سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئیسلامی، بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندییە ئابوورییەکانیان پەرە و گەشەی زیاتری پێ بدەن.
بە گوێرەی ئاژانسی ئیرنا، سوودانی جەختی کردووەتەوە، لەسەر پتەوکردنی برایەتی و پەیوەندییە دۆستایەتییەکانی نێوان ئێران و عێراق، ڕاشیگەیاندووە، یەکێک لە مەرجەکانی بوونی ئێران و عێراق لە ناوچەیەکی هەستیاردا و دەبێت بە یەکگرتن و پتەوکردنی پەیوەندییەکان پێگەی خۆمان زیاتر بەهێز بکەین بەرانبەر دوژمنانی هەردوو گەل.
لای خۆیەوە نووسینگەی سەرۆکی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکە سەرجەم هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئێران ڕەت دەکاتەوە.