نیوە زیاتری هاووڵاتیانی ئۆکرانیا متەمانەیان بە پێشنیازەکانی ترەمپ بۆ ئاشتی نییە

پەیمانگایەکی نێودەوڵەتی لە کیێڤ ڕاپرسییەکەی لەبارەی متمانەی هاووڵاتییانی ئۆکرانیا بە پرۆسەی ئاشتی و پێشنیازەکانی دۆناڵد ترەمپ کردووە، بەگوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکە 54% بەشداربووان متمانەیان بە ترەمپ نییە.

پەیمانگەی کۆمەڵناسی نێودەوڵەتیی کیێڤ (KIIS)، ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، ڕاپۆرتێکی لە بارەی متمانەی هاووڵاتییانی ئۆکرانیا بە دۆناڵد ترەمپ و پێشنیازی ئاگربەستی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بڵاو کردووتەوە.

ڕاپۆرتەکە لە ئەنجامە بە دەستهاتووەکانی ئەو ڕاپرسییە سەرچاوەی گرتووە، کە لە 12ـی ئادار تاوکوو 22 ئاداری 2025 کراوە، بە گوێرەی ئەنجامەکان 54%ـی بەشداربووان، پێیانواییە پێشنیازی ئاشتی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ نادادپەروەرانەییە و داواکارییەکانی ئۆکرانیا جێبەجێ ناکرێن.

تەنیا 18%ـی بەشداربووان متمانەیان بە پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ هەیە، هەروەها 23%ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە پێیانوایە پێشنیازەکانی ئاشتی تاڕادەیەک جێگەی متامنەیە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەیداوە، ئەو ڕاپرسییە، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە زۆرینە ئۆکرانییەکان بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا گەشبین نین.

ئەنتۆن هروشێتسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگەکە دەڵێت: تەنانەت لە ڕاپرسییەکی ساڵی 2024ـیشدا، بەشێک لە هاووڵاتییانی ئۆکرانیا لە سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر وڵاتەکەیان بێئومێدن.

گوتیشی: لە ڕاپرسی ئەم ساڵدا 67% ئۆکرانییەکان باوەڕیان واییە ئەمەریکا فشار لە ئۆکرانیا دەکات بۆ ئەوە بەرانبەر بە ڕووسیا سازش بکات.