نوێنەری جووتیارانی شەناغە: تا ئێستا ڕێگەمان پێ نەدراوە زەوییەکانمان بکێڵین
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی شەناغە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تا ئێستا جووتیارانی شەناغە و چەند گوندێکی دیکەش، ڕێگەیان پێ نەدراوە دەست بە کێڵانی زەوییەکانیان بکەین." ئەو دەڵێت: نووسراوەکە ئێستا لە پارێزگایە و بەهۆی پشووەوە جێبەجێ نەکراوە.
پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی شەناغە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نووسراوی ڕێگەدان بە جووتیارانی شەناغە و چەند گوندێکی دیکەش بۆ کێڵانی زەوییەکانیان، لە پارێزگای کەرکووکە و بەهۆی پشووی جەژنەوە جێبەجێ نەکراوە، لە کاتێکدا جووتیارانی هەر پێنج گوندی(شەناغە و سەربەشاخ و خەرابە، گابەڵەک و پەڵکانە) چاوەڕێی ئەوەن هەرچی زووە ڕێگەپێدانەکەیان پێ بگات و دەست بە کێڵان بکەن چونکە درەنگ کەوتوون.
محەممەد ئیسماعیل دەڵێت: بە جێبەجێکردنی یاسای گەڕانەوەی زەوی بۆ خاوەن موڵک لە پەرلەمانی عێراق، سەرجەم ئەو کێشانەی ئێستا هەن، بەتایبەتیش مەترسی دووبارە گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەوی کورد، بە یەکجاری دەڕەوێتەوە.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 21ی کانوونی دووەمی 2025، هەردوو بڕیاری ژمارە 1018ی ساڵی 1982، لەگەڵ بڕیاری 554ی ساڵی 1983ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی بەعسی هەڵوەشاندەوە، کە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی و موڵکی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستی بەسەرداگیرا و وەبەرهێنانی زەوییە کشتووکاڵییەکان بە عەرەبی هاوردە درابوو، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیارەکە، زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن گەڕێنرایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سووپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیاندا ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن زەوییەکانیان بکێڵن، جووتیارانی کوردیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سووپای عێراق نەدا و دەستیان بە کێلانی زەوییەکانیان کردەوە.
سووپای عێراق ئەو کات ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاریان بۆ هاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن زەوییەکانیان بکێڵن، جووتیارانی کوردیش ڕژدبوون لەسەر ئەوەی زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەهێڵن.
جووتیارێک گوتی: دەستبەرداری کاری خۆمان نابین، تا خوێنمان دەڕژێت، واز لەو خاکە ناهێنین، جووتیارێکی دیکە گوتی: سەربازێک ویستی تراکتۆرەکەم ببات.
سەرباری فشارەکانی سووپای عێراق و گرژییەکان، جووتیارانی کورد دەستیان لە کێلانی زەوییەکانیان بەرنەدا ئەو کاتەی گرژی و ئاڵۆزییەکان دروستبوو.