گەشتووگوزاری دهۆک: زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار سەردانی دهۆکیان کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک ڕایگەیاند، هاتنی بەردەوامی گەشتیاران بۆ پارێزگای دهۆک بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی و دەرفەتی کارە بۆ هاووڵاتیانی دهۆک.

پێنجشەممە،3ـی نیسانی 205، د. خەیری عەلی ئۆسۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک بە کورستان24ـی ڕاگەیاند، لە 27ـی ڕەمەزانەوە تاکوو ئەمڕۆ ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار هاتوونەتە دهۆک و سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان کردووە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: لە ڕۆژی سێشەممە 134 پاس هاتنە پاریزگای دهۆک، لە ڕۆژی چوارشەممەش واتە دوێنێ، 25 پاس هاتوونەتە پارێزگای دهۆک، بۆ ئەمڕۆ پێنجشەمە، تا کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی 15 پاس هاتوونەتە پارێزگای دهۆک.

دەشڵێت: لە ڕێگای مووسڵ بۆ دهۆکیش، دەیان کۆستەر و پاس و ئۆتۆمبیل هاتووەنەتە پارێزگای دهۆک.

ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەکان بەردەوام لە خزمەت و پێشوازیی ئەو گەشتیارانەدا بوون، بە گوڵ و شیرینی، جا چ لە ئامێدی بێت یاخود ئاکرێ یا شێخان یان سەنتەری دهۆک، تاکوو ڕوویەکی جوانی کوردستان نیشانی ئەو گەشتیارانە بدەین.

د. خەیری عەلی ئۆسۆ ڕاشیگەیاند "لەو باوەڕەدام هاتنی گەشتیاران بۆ پارێزگای دهۆک تاکوو ڕۆژی شەممە، بەردەوام دەبێت؛ ئەوەش بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی و دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتیان زۆر باش دەبێت."

گوتیشی: بە پێشبینی خۆم زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە.

دوێنێ چوارشەممە، 2ـی نیسان پارێزگاری هەولێر لای خۆیەوە ڕایگەیاند "ژمارەی ئەو گەشیارانەی تەنیا لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێریان کردووە بریتی بووە لە 76 هەزار و 654 گەشتیار و هەروەها سلێمانی زیات لە 60 هەزار گەشتیار.

هەروەها هەورامان جەلال، گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو لە سێ ڕۆژی جەژندا زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە".

لای خۆیەوە دەستەی گەشتووگوزای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەنژندا زیاتر لە 200هەزار گەشتیار ڕوویان لە کوردستان کردووە بۆ سەیران و گەشت.