دادگای دەستووری کۆریای باشوور: سەرۆکی وڵات دەستووری پێشێل کردووە
دادگای دەستووری کۆریای باشوور ئەمڕۆ هەینی، بڕیاری لەکارلادانی بۆ یون سیک یۆل، سەرۆکی وڵاتەکەی بە تاوانی ئەوەی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو، هەوڵی سەپاندنی یاسای عورفی داوە، دەرکرد.
مون هیونگ بای، سەرۆکی دادگا لە کاتی دادگایی کردنەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕەفتارەکانی یون، پێشێلی بنەما سەرەکییەکانی سەروەری یاسا و حکومڕانی دیموکراسی کردووە.
سەرۆکی دادگا بڕیارەکەی دژی سەرۆکی وڵات خوێندەوە و گوتی: بە ڕەزامەندی تەواوی دادوەرانی ئامادەبوو لە دادگاییەکە، یون سوک یۆل وەکو سەرۆکی کۆریای باشوور لەکار لا دەدەین.
دادگا ئاشکرای کردووە، یۆن بە تەنها بڕیاری عورفی دەرنەکردووە، بەڵکو پێشێلی دەستوور و یاسای کردووە، بەتایبەتیش لەکاتی کۆکردنەوەی سوپا و پۆلیس بۆ ڕێگریی کردن لە کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ ئەوەی چالاکی خۆیان بکەن.
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا، دەستبەجێ بڕیارەکە جێبەجێکرا، داوای هەڵبژاردنی پیشوەختەی سەرۆکایەتی وڵاتیش بۆ ماوەی 60 ڕۆژ کرا بۆئەوەی جێی یۆن پڕ بکرێتەوە، زۆرینە پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە لە 3ی حوزەیران ئەنجام بدرێت.
کۆمەڵەی نیشتمانی کۆریای باشوور کە ئۆپۆزسیۆن سەرکردایەتی دەکات، وایان کرد یۆن سوک یۆل وەک سەرۆکی وڵات لەکار لابدرێت .
