سەرۆک وەزیرانی دانیمارک لە گرین لاندەوە پەیامێک ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ دەکات

سەرۆک وەزیرانی دانیمارک میتی فرێدریکسن ڕۆژی پێنجشەممە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ گرین لاند دووپاتی لە یەکپارچەیی خاکی ئەو دوورگە فراوانە کردەوە کە ئەمەریکا بەنیازە بیخاتە پاڵ خۆی.

میتی فرێدریکسن، بەزمانی ئینگلیزی پەیامێکی ئاڕاستەی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی: ناتوانن وڵاتێک بخەنە پاڵ خۆتان، دووپاتی کردەوە، دانیمارک بەمە ڕازی نابێت.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، میتی فرێدریکسن،سەرۆک وەزیرانی دانیمارک بە سەردانێک گەیشتە گرین لاند و سەردانەکەی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بوو، لەپێناو نیشاندانی پشتیوانی بۆ یەکپارچەیی خاکی گرین لاند و ڕەت کردنەوەی هەڕەشەکانی ئەمەریکا.

میتی فرێدریکسن سواری بەلەمێکی هێزی دەریایی دانیمارکی بوو، لە گەشتێکی نێو ئاوی دوورگەکە بە هاوڕێیەتی سەرۆک وەزیرانی نوێی گرین لاند، یەنس فرێدریک نیلسن و سەرۆکی پێشووی ئەو هەرێمە میوت ئێگدی، بە دەوری نوکی پایتەختی گرین لاندا سووڕانەوە

ڕادیۆی گشتی دانیمارک بڵاوی کردەوە، ژمارەیەکی زۆر خەڵک پێشوازییان لە میتی فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک کرد.

دوای گەیشتنی بۆ گرین لاند لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، مێتی فرێدریکسن گوتی: "سەرباری ئەو فشارەی ئەمریکییەکان دەیخەنە سەر گرین لاند، لە ڕووی سەروەری و سنوورەکان و داهاتووەوە، پێویستە گرین لاند یەکگرتوو بمێنێتەوە.
سەردانەکەی مێتی فرێدریکسن دوای سەردانەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دێت کە هەفتەی ڕابردوو بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە دانیمارک کردی.

سەردانەکەی ڤانس گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و دانیمارکی زیاتر کرد، چونکە کۆپنهاگنی بەوە تۆمەتبار کرد "هیچ شتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی گرین لاند ناکات".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ روبیۆ، دوێنێ پێنجشەممە هاوتا دانیمارکیەکەی لارس لۆک ڕاسموسنی دڵنیا کردەوەتەوە لە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment