ترەمپ: خەڵکێکی زۆر لە غەززە دەمرن و دەمانەوێت ئەو کێشەیە چارە بکەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: هەوڵدەدەین کێشەی  کەرتی غەززە چارە بکەین، دەشڵێت: خەڵکێکی زۆر لە غەززە دەمرن، تەماشا دەکەین و بزانین چیمان لەو بارەیەوە پێدەکرێت.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەمەریکا دەکات.

لەنێو فڕۆکەی(ئێر فۆرس وان)، دۆناڵد ترەمپ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست و بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر چەند پرسێک قسە دەکەم.

ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، سووپای ئیسرائیل دەستی بە هێرشێکی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سووپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سووپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە چووەتە نێو قۆناغی کۆتایی ڕۆژەکانی گەیشتن بە ئامانجی شەڕەکەمان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان، لەگەڵ وێرانکردنی توانا سەربازییەکانی ئەو بزووتنەوەیە.

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین ئەمڕۆ ئاشکرای کردووە، 31 هاووڵاتی فەڵەستینی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک کە پڕ لە ئاوارەیە لە گەڕەکی(التفاح)، لە باکووری کەرتی غەززە کوژراون و 100 هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، دەشڵێت: لە بەرەبەیانەوە تا ئێستا 100 هاووڵاتی فەڵەستینی بە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.

 
Fly Erbil Advertisment