ئیسرائیل ڕێگە بە هاووڵاتییانی دەدات گەشتی نێو خاکی سووریا بکەن

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدەن تەڵبەندی سنوور لەگەڵ سووریا ببڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێبەری گەشتیاری، لە جەژنی داهاتووی زیندووبوونەوە گەشتی ئەو وڵاتە بکەن ، بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی سەربازین.

ئەم جۆرە گەشتانە بۆ یەکەم جار دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 ڕێکدەخرێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیسرائیلی یەدعوت ئەحرونۆت، ئەو گەشتە کە مۆڵەتی تایبەتی سوپای ئیسرائیلی وەرگرتووە، بریتییە لە چوونە ناو ناوچە سەرنجڕاکێشەکانی ناو خاکی سووریا و ناوچەکانی دیکەی نزیک ڕووباری یەرمووک و خاڵەکانی چاودێری سەربازی.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەستپێشخەرییەی گەشتکردن لەلایەن فەرماندەیی باکوور و فیرقەی 210، سەنتەری پەروەردەی کەشێت یەهۆناتان، قوتابخانەی مەیدانی جۆلان، ئەنجومەنی هەرێمی جۆلان و دەستەی سروشت و پارکەکانی ئیسرائیل، کراوە.

بەگوێرەی ڕۆژ ژمێری عیبری، جوولەکەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک جەژنی زیندووبوونەوە دەگێڕن و ئاهەنگی ئەمساڵ لە 19 ی نیسان کۆتایی دێت.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا، ئیسرائیل چەند کیلۆمەترێک چووەتە ناو خاکی سوریاوە و گەیشتووەتە چیای(الشيخ) کە دەڕوانێتە سەر دیمەشق و ناوچەی ئارامی تێپەڕکردووە، دەستیشیگرتووە بەسەر ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای سووریا.