جومانە غەلای: هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت

جومانە غەلای
جومانە غەلای

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: پابەندن بە دەستوور و یاسا و هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی دەنگدەرانی تەمەن 2007 بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ، زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەرە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕایگەیاند: نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ دەگرێتەوە، لەگەڵ نوێکردنەوەی داتاکان و ڕەشکردنەوەی ناوی مردووان، سەرباری تۆمار کردنی هێزە چەکدارەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان و ئاوارەکان.

گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، کۆمیسیۆن لە 1079 ناوەندی تۆمارکردن، لە سەرتاسەری عێراق پێشوازیی لە دەنگدەران دەکات، هاوکات تیمی گەڕۆک دەچنە فەرمانگەکانی دەوڵەت بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەبارەی گرنگی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا کۆمیسیۆن کار لەسەر ئامادەکردنی ئامێرەکانی هەڵبژاردن دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئامێرەکان چاک دەکاتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوەببەن، سەرباری گرەنتی نەفەوتانی مافی ئەوانەی پەنجەمۆریان لەسەر ئامێرەکانی بایۆمەتری ناخوێندرێتەوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای گرتنی وێنەی چاو و ڕووخسار.

غەلای ئاشکرای کرد، پیویست بەوە ناکات هەموو دەنگدەرێک سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکات ئەگەر کارتی دەنگدانیان وێنەی کەسی خۆیان لەسەر بێت، دەتوانن بێ کێشە ئەو کارتانە بەکاربێنن، گۆڕانکارییەکان تەنها بۆ ئەو کەسانەیە لە پارێزگایەک گواستراونەتەوە پارێزگایەکی دیکە، یاخوود ئەوانەی مردوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment