ترەمپ بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی لەسەرکار لادا
لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، تیمۆسی هۆگ، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆکی فەرماندەیی سایبەری و وێندی نۆبڵی جێگری بە بڕیارێک لەسەر کار لادا، ئەو بڕیارە لەناکاوەش کاردانەوە و پرسیاری لێکەوتەوە.
ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ دوای فشاری زۆری بەرپرسانی ئەمنی هات بۆ لابردنی تیمۆسی هۆگ، پاش دزەکردنی گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا سەبارەت بە پلانە سەربازییەکان کە بە ئابڕوچوونی سیگنال ناودەبرێت.
بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ لەکارلادانی بەرپرسانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ چالاکوانی ڕاستڕەوی توندڕەو لۆرا لومەر، دەرکرا.
گۆڤاری نیوزویک دەڵێت:" ئەم گۆڕانکارییانە لە ئەنجامی ئەو کێشانەوە بووە کە ڕووبەڕووی بەڕێوبەرایەتییەکە بووەتەوە، پاش گفتوگۆی نێوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی مایک واڵتز و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکە دراوە.
ئەو کێشەیە بووە هۆی ئەوەی داوا بکرێت مایک واڵتز و پیت هیگسس، وەزیری بەرگری دەستلەکار بکێشنەوە، بەڵام ترەمپ چەند جارێک بەرگریی لێکردوون و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە دەکات و داوای لە واڵتز کردووە بەردەوام بێت لە لێکۆڵینەوەکان.
