ئیسرائیل سێ پێگەی لە سووریا بۆمباران کرد کە تورکیا بە نیاز بووە بیانکات بە بنکەی سەربازی

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل سێ پێگەی لە سووریا بۆمباران کردووە کە تورکەکان ویستویانە بیانکەن بە بنکەی سەربازی.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری چوار سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کردووە؛ ئیسرائیل ئەم هەفتەیە سێ پێگەی لەناو خاکی سووریا بۆمباران کردووە، کە لەلایەن تورکەکانەوە دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی بکرێنە بنکەی ئاسمانی.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە؛ چەند شارەزایەکی تورک سەردانی ئەو ناوچانەی سووریایان کردووە بۆئەوەی بکرێنە بنکەی ئاسمانی هێزەکانی تورکیا لە سووریا، بەڵام ئیسرائیل دەستپێشخەری کردووە و ئەو ناوچانەی وێران کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوێنی ڕایگەیاند، نایانەوێت لە ناو سووریادا لەگەڵ ئیسرائیل تووشی کێشە ببن.