باڵێکی گۆڕان کۆنفرانسی دەست پێ کرد و باڵەکەی دیکەش ئەم هەفتەیە دەیکات

باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکە کرد
باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکە کرد

باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکە کرد. باڵی کوردساتی بزووتنەوەکەش، کۆتایی ئەم هەفتەیە دەیکات. 

ئەمڕۆ شەممە، 05-04-2025، باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ژێر دروشمی "هاونیشمانی، دەستوور و دیموکراسی" دەستی بە کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکە کرد.

یاسین حەمەعەلی، گوتەبێژی کۆنفرانسی باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئامانج لە کۆنفرانسەکە، دووبارە هەستاندنەوەی بزووتنەوەکەیە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ کۆتایی بە هەموو کارەکانی بهێنرێت. ئەگەر زۆر پێویست بکات، لەوانەیە کاتەکەی زیاتر درێژ بکرێتەوە."

گوتەبێژی کۆنفرانسی باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش کرد "ئەم کۆنفرانسە یاساییە و لە ژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت و نوێنەریان بەشدارە." گوتیشی: کۆنفرانسەکە بۆ هەموو گۆڕانخوازانە و دڵ و دەرگاشمان کراوەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت بەشداری بکات.

هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کۆنفرانسەکەی باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان بە بەشداریی زیاتر لە هەزار و 200 ئەندام بەڕێوە دەچێت و 53 ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن. 

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆنفرانسەکە پەیڕەوی ناوخۆ هەموار بکرێتەوە و بڕیار لەسەر لادانی لۆگۆی کۆنفرانسی دووەمی بزووتنەوەکە بدرێت و لۆگۆ کۆنەکەی یەکەم جار بەکار بهێنرێتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، باڵی کوردساتی بزووتەوەی گۆڕانیش ڕایگەیاندووە، لەسەر ڕاسپاردەی بڕیاری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پاڵپشت بە نووسراوی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان ژمارە (875)، لە ڕێککەوتی (27/3/2025)، بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 10-04-2025. 

ڕۆڤان سەروەت، ڕێپێدراوی باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە هاوژین جەمال، پەیامنێری كوردستان24ی ڕاگەیاند، ئامادەكارییان كردووە بۆ ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستن و پەیڕەو نووسراوەتەوە و نوێنەری فەرمیی كۆمیسیۆنی باڵای  سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادە دەبێت.

ڕۆڤان سەروەت، كۆنفرانسی باڵی گۆڕانی گردی زەرگەتە بە "نایاسایی" ناو دەبات و چونكە وەکوو خۆی دەڵێت: "نوێنەری كۆمیسیون ئامادە نابێت". گوتیشی: بۆ کۆنفرانسەکە هەموو ئامادەکارییەکیان لەژێر ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی فەرمانگەی پارت وڕێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی کۆمیسیۆن کردووە.
 
ئەو ڕێپێدراوەی گۆڕان لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی: بە نووسراوی فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان ژمارە (875)، لە ڕێککەوتی 2-3-2025، بە فەرمی ئاگادار کراینەوە بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان.