میسر پێشنیازێکی نوێ لەبارەی غەززە دەداتە ئیسرائیل

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، میسر پێشنیازێکی نوێی خستووەتە بەردەم ئیسرائیل و حەماس بۆ ئەوەی دەست بەگفتوگۆ و دانووستان بکەنەوە و ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنن.
سەرچاوەیەک بە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پێیان وایە ناکۆکی لەنێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی حەماسدا هەیە، ئەوەش وای کردووە ئیسرائیل فشاری سەربازیی زیاتر لە غەززە و بزووتنەوەی حەماس بکات بۆ ئەوەی بتوانێت گۆڕان لە هەڵوێستەکانیان دروست بکات و بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و دانووستان لەبارەی غەززەوە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، لەو کاتەی سووپای ئیسرائیل دەستی بەهێرشێکی فراوانی وشکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کردووە، میسر هەوڵ دەدات ئیسرائیل و حەماس بێنێتەوە سەر مێزی دانووستان، بەڵام ئیسرائیل پێی وایە فشاری سەربازیی زیاتر وا دەکات حەماس بڕیاری پێویستی خۆی بدات، دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئیسرائیل بەپیویستی دەزانێت پانتاییەکی زیاتر لە خاکی غەززە داگیر بکات.