جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا داوا دەکات بە خێرایی پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام
جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاندووە، دەیانەوێت پرۆسەکە بە زووترین کات و بە خێرایی بگاتە ئەنجام.
جەودەت یەلماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) لە کاری ورد بۆ پرۆسەی تورکیای دوور لە تیرۆر بەردەوامن.
یەلماز گوتیشی: بانگەوازێک لەلایەن دامەزرێنەری ڕێکخراوی (پەکەکە) کرا و تێیدا ڕایگەیاند، چی دیکە هۆیەک بۆ بەردەوامیی ڕێکخراوەکە نییە و داوای کرد خۆیان هەڵبوەشێننەوە. ئاماژەی بەوەش دا "ئەم پرۆسەیە کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی ستانداردەکانی گەشەپێدانی وڵات، بە کۆتاییهاتنی تیرۆر و کایەی دیموکراسی دێتە ئاراوە."
جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی خستە ڕوو "تیرۆر، دوژمنی گەشەسەندن و دیموکراسییە و گەلەکەیان گەورەترین باجی تیرۆرییان داوە." بە ئاماژەدان بە باکووری کوردستان، یلماز ڕایگەیاند "بەهۆی پەراوێزخستنی تیرۆر، باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە."
جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت پرۆسە نوێی ئاشتی بە زووترین کات و بە خێرایی بگاتە ئەنجام و سەردەمی نوێی برایەتی هەزار ساڵەیان لەگەڵ نەتەوەکان دەست پێ بکات.
