250 دوکان لە بازاڕێکی میللی هەولێر سووتان

قائیمقامی هه‌ولێر: هاوكاریان ده‌كه‌ین به‌ڵام ناتوانین قه‌ره‌بوویان بكه‌ینه‌وه‌

K24- هەولێر:

کاتژمێر 5:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ئاگر لە بازاڕی سیم لە گەڕەکی کوردستان لە هەولێر کەوتەوە و زیاتر لە 250 دوکان سووتان.

رائید سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و بۆ دڵنیایی زیاتریش لێرە دەمێنینەوە.

دوکاندارێکیش بە کوردستان24ـی گووت: ئەم بازاڕە میللیە و سێیەم جارە دەسوتێت، سەقفەکەی لە پلاستیک و جەمەلۆن دروستکراوە.

راشیگەیاند، تەنها بەشێک لە دوکاندارەکان رێنماییەکانی بەرگری شارستانیان پەیڕەوکردووە و مەرجەکانی بەرگری شارستانی لێرە بەدی ناکرێت.