دوو کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە هەڵبژاردووە
21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە دەستی پێ کردووە و دوو کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکە هەڵبژاردووە.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 06-04-2025، 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ژێر ناوی (ئیرادە هی گەلە) دەستی پێ کرد.
دوو کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە هەڵبژاردووە، کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئێستە و بێرهان شیمیمشاک، پەرلەمانتاری پێشووی ئەو پارتەیە. هەروەها ئومێد ئۆیسال، سەرۆکی شارەوانیی مورادپاشا وەل کاندید خۆی هەڵبژاردبوو، بەڵام بەر لەدەستپێکردنی کۆنگرەکە، خۆی کشاندەوە.
هاوکات جەهەپە بڕیاری داوە کۆنگرەکە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوە بچێت و بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی پۆستە گرنگەکان وەک خۆی دەمێننەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئاماژەی بەوە دابوو، بۆ ڕێگریی لەدانانی قەییوم (کاربەڕێکەری یاسایی) بڕیاریان داوە کۆنگرەی نائاسایی بکەن.
