بڕیارەکەی ترەمپ کارەکانی کارگەی دۆشاوی هەریریان ڕاگرتووە
بڕیارەکەی ترەمپ بۆ سەپاندنی پێناسەی گومرگی لەسەر کاڵای هاوردەکراوی عێراقی، کارەکانی کارگەی دۆشاوی هەریریان ڕاگرتووە.
ڕۆژی چوارشەممە، 02-04-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێناسی گومرگیی جیاجیای بەسەر وڵاتانی جیهاندا سەپاند. ڕێژەی پێناسە گومرگییەکە بۆ سەر عێراق 39٪ـە.
بڕیارەکەی ترەمپ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کارگەی دۆشاوی هەریر هەبووە و کارەکانی ڕاگرتووە کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی هەناردەی بازاڕەکانی ئەمەریکا دەکرا. کارگەکە، جگە لە دۆشاوی تەماتە، دۆشاوێکی تایبەت بە پیتزاشی هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرد.
بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، کێبڕکێی بەرهەمەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرهەمی دیکەی وڵاتان سەختر دەبێت. پێش بڕیارەکەی ترەمپ، کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە، داوای بەرهەمی دیکەی خۆماڵیی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، لەنێویشیاندا، پەتاتە، سماق، برنج، ساوار و چەند بەرهەمێکی دیکە.
شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەری دۆشاوی هەریر، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بڕیارەکەی ترەمپ زیانێکی زۆر بە کارگەکەمان دەگەیەنێت، چونکە لەمەودوا کاتێک بەرهەمەکان هەناردەی ئەمەریکا دەکەین، ناتوانین کێبڕکێی بەرهەمی وڵاتانی دیکەی بکەین. ئەگەر ڕێژەی پێناسە گومرگییەکە بۆ هەموو وڵاتان وەکوو یەکتر بووایە، دەمانتوانی کێبڕکێ بکەین، بەڵام بەداخەوە بۆ هەندێک وڵات زۆرە و بۆ هەندێکی دیکەش زۆر کەمە."
بەڕێوەبەری کارگەری دۆشاوی هەریر ئاماژەی بەوەش دا "هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوا لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا بکەین، ئەگەر تەنها بۆ ماوەی یەک دوو ساڵێکیش بێت، لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ، ئاسانکارییەکی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە بە درێژایی مێژوو وڵاتەکەمان وێران کراوە و چەند ساڵێکە لە ئەنجامی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم، ئابووریی وڵاتەکەمان بەرەوپێش چووە."
لە پەیوەندییە بازرگانییەکاندا، عێراق زیاتر وڵاتێکی هاوردەکراوە و بە ڕێژەیەکی کەمتر کاڵا و بەرهەمی خۆماڵی هەناردە دەکات، بۆیە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا زیانێکی زۆر بە بازاڕەکانی دەگەیەنێت.