کانێکی کانزایی لە مەهاباد هەرەسی هێنا و قوربانیش هەیە

بەهۆی هەرەسهێنانی کانێکی بەردی ئاسن، لە سنووری شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کرێکارێک گیانی سپارد و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.


محەممەد سادق ئەمیر عەشایەری، سەرپەرشی قایمقامییەتی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، لە نزیک گوندی عەبدوڵلا ئاوای شاری مەهاباد، کانێکی بەردی ئاسن هەرەسی هێناوە و بەهۆیەوە دوو کرێکاری کانەکە کەوتوونەتە ژێر هەرەسەکە و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی سپاردووە، تیمەکانی فریاگوزاریی مانگی سوور، توانییان کرێکارەکە، بە برینداری لە ژێر داروپەردووی کانە ڕووخاوەکە دەربهێنن.

هەروەها ئاماژەی داوە، بریندارەکە تەندروستی ناجێگیرە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. سەبارەت بە ڕووداوەکەش، ئاماژەی داوە، تیمە پسپۆڕەکان سەرقاڵی لێکۆڵێنەوەن لە هۆی هەرەسهێنانی کانەکە.

ئەو کانە بەردەی هەرەسی هێناوە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەهاباد، لە وەرزی زستان کارکردن تیایدا ڕاگیرابوو، بەڵام بەم دواییانە سەر لەنوێ کرێکارەکان دەستیان بەکار کردووەتەوە.

لە سنووری مەهاباد 78 کانی تۆمارکراوی کانزایی هەن، کە 15 جۆری کانزایان تێدا دەردەهێنرێت و لە ئاستی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کانە کانزاییەکاندا، لە پلەی یەکەم دێت، بەڵام کار لە 37 کان بەردەوامە و 24 کانیش کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە.