ئۆزگور ئۆزەل دووبارە بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە

بە دەنگی زیاتر لە هەزار و 100 ئەندامی کۆنگرە، ئۆزگور ئۆزەل دووبارە بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 06-04-2025، 21ـەمین  کۆنگرەی نائاسایی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەڕێوە چوو. بەر لە کۆنگرەکە سێ کاندید خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە هەڵبژاردبوو، بەڵام دوو کاندید کشانەوە و ئۆزگور ئۆزەل بە وەرگرتنی دەنگی 1171 ئەندامی پارتەکە، دووبارە بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە.

ئۆزەل، لە کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە کە لەساڵی 2023 بەڕێوەچوو بوو، توانی بە وەرگرتنی 812 دەنگ، بەسەر ڕکابەرەکەی کلچدارئۆغڵو سەربکەوێت و ببێتە سەرۆکی پارتەکە.

 کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە لە کاتێکدایە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ، ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕێگریی لە دانانی قەییوم (کاربەڕێکەری یاسایی) بڕیاریان داوە کۆنگرەی نائاسایی ببەستن.

 پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پارتێکى چەپڕەوە، لەسەر دەستى موستەفا کەمال ئەتاتورک، لە ساڵى 1923 دامەزراوە. دواى کۆچى دوایی دامەزرێنەرەکەى، هەندێکجار لە حکوومەتدا بووە و چەند جارێکیش لە دەرەوە حکوومەت. تا ئێستا 38 کۆنگرەی ئاسایی و 21 کۆنگرەی نا ئاسایی بەستووە. 

 
Fly Erbil Advertisment