ئەمڕۆ دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار کرا
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئەمڕۆوە بەڕێگەی سیستەمی پیڕۆڵ، دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و هەوڵدەدرێت لەنزیکترین کاتدا ئەو لیستە ئامادە بکرێت.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەکات، هەر کاتێک لیستەکە تەواو بوو، ئەوا شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستەکە لەگەڵ خۆیان دەبەنە بەغدا و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵی دەکەن، ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ڕەنگە لیستی مووچە لە 20ـی مانگەوە بنێردرێتە بەغدا، هەر کە گەیشتە بەغدا، ئەگەری هەیە بەچەند ڕۆژێک دواتر تەمویلی مووچە بکرێت.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرای کرد، لیستی مووچەی مانگی سێ، کەمترین کێشەی هەبووە، کەنێردرا بۆ بەغدا، مووچەی ئەو مانگە بەر لە جەژن نێردرا، لیستی مانگی چواریش، هەمان لیستی مانگەکانی یەک و دوو، سێیە، ئەگەری هەیە لیستی ئەو مانگە گۆڕانکاری کەمی تێدا بێت، ئەوەش نابێتە گرفت بۆ ناردنی مووچە لە بەغداوە.
سەرچاوەکە ڕایدەگەیەنێت: هیچ کێشە و بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە لە بەغداوە نییە، ڕەنگە دوای 20ـی مانگ تەمویلی مووچە بکرێت.
پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هەر کارتێک مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵ دابەش بکرێت، هەمان کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەدرێت.