ژنێک و سێ منداڵی بەهۆی تەقینەوەیەک لە سووریا کوژران

تەقینەوە لە کارگەیەکی دروستکردنی چەک روویداوە

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا، ژنێک و سێ منداڵی کوژران.

ڤیدیۆ و وێنەی تەقینەوەکە کە شەوی رابردوو روویداوە، لە میدیاکانی سووریا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، دەریدەخەن تەقینەوەکە زۆر گەورەبووە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی سەرەکیی لە لەندەنە، لە زاری سەرچاوە لۆکاڵییەکانی لە سووریا دەڵێ: چوار دانیشتووی کەمپی عەرمووتە کە پێکهاتوون لە ژنێک و سێ منداڵی بەهۆی ئەو تەقینەوەیە گیانیان لەدەستداوە.

تەقینەوەکە لە کارگەیەکی دروستکردنی هاوەن و مووشەکی سەر بە جەبهەی شام لە ریفی حەلەب لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا روویداوە.

ئەو کارگەیە، دەکەوێتە نزیک کەمپەکە و بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکەش جگە لە گیانلەدەستدانی دایکەکە و منداڵەکانی، بەلایەنی کەمەوە نۆ کەسی دیکە بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە.

 

هـ.ر.