ناتانیاهۆ گەیشتە واشنتن

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە واشنتن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە و دوو پرسی سەرەکی شەڕی غەززە و گومرگی تاوتوێ دەکەن.
نەتانیاهۆ دەڵێت: هیوادارم ترەمپ باج لەسەر ئیسرائیل سووک بکات.
بەپێی سیاسەتی نوێی گومرگی ترەمپ، کاڵای ئیسرائیلی بەڕێژەی لەسەدا 17ـی باج دەخرێتە سەر.
ئەمەریکا نزیکترین هاوپەیمانی ئیسرائیل و گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە.
ناتانیاهۆ دوای سەردانیکردنی هەنگاریا، درەنگانی شەوی یەکشەممە، بە سەردانێک گەیشتە واشنتن بەرپرسان دەڵێن؛ سەردانەکەی پلانی بۆ دانەنراوە و هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ترەمپ کۆ ببێتەوە.
ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەو گفتوگۆیەدا باس لە پرسی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە دەکرێت کە ماوەی 18 مانگە لە غەززە دەستبەسەرن، بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە غەززە، هەروەها باجی گومرگی سەر ئیسرائیل".
سەبارەت بە باجەکان ناتانیاهۆ گوتی: هیوادارم بتوانم هاوکاربم لەم بابەتەدا، ئەوە ئامانجی منە، من یەکەم سەرکردەی بیانیم لەگەڵ ترەمپ کۆ دەبمەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە، کە زۆر گرنگە بۆ ئابووریی ئیسرائیل.
ناتانیاهۆ گوتیشی: پەیوەندیی تایبەتی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل کە لەم کاتەدا زۆر گرنگە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند "دوایین ڕاگەیاندنی باج لەلایەن ترەمپەوە ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی ئامێر و کەرەستەی پزیشکی لەلایەن ئیسرائیلەوە هەبێت".
هەردوو وڵات 40 ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادیان ئیمزا کرد و ئێستا نزیکەی 98%ی کاڵای ئەمەریکی لە باج بەخشراون.