شەرع سەردانی ئیمارات و تورکیا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، بە مەبەستی بە دەستهێنانی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا سەردانی ئیمارات و دواتر، سەردانی تورکیا بکات.
لە دوای سەردانەکەی لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ بۆ سعوودیە، ئەمە دەبێتە دووەمین سەردانی شەرع ئیمارات دەبێتە دووەمین سەردانی بۆ کەنداو، لەوەتەی دەسەڵاتی دیمەشقی گرتووەتە دەست، هاوکات چوونی بۆ تورکیاش دەبێتە دووەمین سەردانی لە دوای گەشتەکەی لە سەرەتای ئەمساڵ بۆ ئەنقەرە.
مەبەستێکی سەرەکیی سەردانەکانی شەرع بۆ دەرەوەی وڵات هەوڵدانە بۆ هەڵگرتنی تەواوی سزا سەپێندراوەکانی سەر وڵاتەکەیەتی کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئەسەد بەسەریدا سەپێندراوە و بەهۆیەوە سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی خنکێنەر بووەتەوە.
بە تایبەت سزا توندەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا لەسەر کۆمپانیا و کەرتە جیا جیاکان و ژمارەیەک کەسایەتیی ئیدارەی نوێی سووریا، شا دەمارەکانی ئابووریی سووریایان لە پەلوپۆ خستووە.
لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، لەلایەن دەستەی تەحریر شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی نوێی دیمەشق هەوڵە دیپلۆماتییەکانیان بۆ ڕێکخستنەوە و یاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی پاش 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ ئاهێک وەبەر ئابووری و بوژانەوەی ژێرخانەکانی سوویا بدەن.