ڕۆیتەرز: میلیشیاکانی عێراق بۆ دوورکەوتنەوە لە توڕەیی ترەمپ ئامادەن چەکەکانیان دابنێن
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری 10 فەرماندەی باڵا و بەرپرسانی عێراقی ئاشکرای کردووە، ژمارەیەک گرووپی میلیشیای بەهێز لە عێراق، ئامادەن خۆیان لە چەک داماڵن، ئەمەش یەکەم جارە گرووپە میلیشیا توندڕەوەوەکانی عێراق ناچار بن بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕی ئیدارەی ئەمەریکا ئەم بڕیارە بدەن.
بە گوتەی فەرماندە باڵاکانی گرووپە میلیشیاکان، ئەم هەنگاوەیان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانە، دوای ئەوە لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەمەریکاوە لە سەرەتای ئەم ساڵدا بە نهێنی هۆشداریان پێ درا و لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە ئاگەدار کراونەتەوە کە خۆیان لە هاوپەیمانێتی ئێران بەدوور بگرن.
ڕۆیتەرز، بێئەوەی ناوی هیچ فەرماندە و بەرپرسێک ئاشکرا بکات، بڵاوی کردووەتەوە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، ئامادەن چەکەکانیان دابنێن بۆ ئەوەی خۆیان لە توڕەیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بپارێزن.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر ئیدارەی ترەمپ هۆشداری توندی بە حکوومەتی عێراق دابوو لە بارەی چارەنووسی گرووپە میلیشیاکانی عێراق ڕایگەیاندووە دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە، هەروها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی هێرشەکانی سەر چەکدارە حووسیییەکانی یەمەن دەکات.
پێشتریش لە ئاداری ڕابردوودا، نەهۆی هەڕەشە و هۆشدارییەکانی ئەمەریکاوە، هێزە شیعەکانی عێراق، بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستیان کرد بە داخستنی بارەگاکانی سەر بە حووسییهكانی یهمهن لە شارەکانی باشوورم بە تایبەت ئەو بارەگا سەرەکییەی له بهغدا بۆیان کرابۆوە.
هەروەها چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆی عێراق ئاشکرایان کردووە، عادل عهبدولمههدی، سهرۆك وهزیرانی پێشووتری عێراق بە نوێنەرایەتیی لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگ چووەتە یهمهن، لهگهڵ حووسییهكان كۆ بووهتهوه و تاوتوێی چارهنووسی نوێنهرایهتی ئهو بزووتنهوهیان له عێراق كردووه.