ئاکرەیی: هانی بەشداربووانی لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی دەدەین وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دووپاتی دەکاتەوە، هانی بەشداربووانی لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی دەدەن، لە بوارە جۆراجۆرەکاندا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن. 

دووشەممە، 07-04-2025، لە ئه‌بوزه‌بی، پایتەختی ئیمارات 14ـەمین خولی لووتکەی وەبەرهێنان، بە بەشداریی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، لە ژێر ناونیشانی "نەخشەڕێگای داهاتووی وەبەرهێنانی جیهانی، ئاراستەی نوێی دیمەنی وەبەرهێنانی جیهانی، بەرەو سیستەمێکی جیهانیی هاوسەنگ" ده‌ستی به‌كاره‌كانی کرد.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە هۆشمەند سادق، نێردراوی کوردستان24 بۆ لووتکەکە، ڕاگەیاند "ئەمە دووەم ساڵە د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە یاوەری شاندێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی و ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهێنەر، بەشداریی لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی دەکات."
 
بڕیاره،‌ لووتکەکە تا 09ـی ئه‌م مانگه‌ بەردەوام دەبێت و چەندان سەرۆکی وڵات و زیاتر لە 60 وەزیر و پارێزگاری بانکی ناوەندی و 30 سەرۆکی شارەوانیی شارەکان و 1250 پانێڵیست بەشدار دەبن.

ئاکرەیی، بەشداریی هەرێمی کوردستانی لە لووتکەکەدا بە "زۆر گرنگ و پێویست" ناو برد و وەکوو خۆی گوتی: "دەمانەوێت لە میانی بەشداریمان لەم لووتکەیە، هانی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و بیانی بدەین، بێن لە بوارە جۆراجۆرەکاندا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە کەشێکی زۆر لەباری بۆ وەبەرهێنان هەیە."

ئەمساڵ، هاوشان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی بەشدار "ماڵی کوردستان"ـیش لە لووتکەکەدا کراوەتەوە. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کرد "ژمارەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک، سەرۆک وەزیران و وەزیرانی ئابووریی و پیشەسازیی وڵاتانی بەشدار دەبێت. لە هەموو کۆبوونەوەکاندا پێیان دەڵێین، هەموو ئاسانکارییەکتان بۆ دەکەین، بفەرموون لە وڵاتەکەمان وەبەرهێنان بکەن. ئاسانکارییەکە هەموو ئەو بوارانە دەگرێتەوە کە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەن، بە تایبەت گەشتیاری، بازرگانی، پیشەسازی و پەروەردە و فێرکردن."