ئەردۆغان پێشوازیی لە شاندی دەم پارتی دەکات

پێگەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاوی کردووەتەوە بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی پارتەکەی کۆ ببێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ناڕەزایەتیانە دەکرێت کە دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لە کار لادراوی گەورە شارەوانی ئیستانبول دەستی پێ کردووە، هەروەها بانگەوازەکانی جەهەپە سەبارەت بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکان لەگەڵ دەم پارتی و هەروەها تاوتوێی ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و کارەکانی پەرلەمان دەکرێت.

دەشڵێت: یەکێک لە تەوەرە دیارەکانی کۆبوونەوەکە، هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە لایەن ئەردۆغانەوە پێشوازیی لە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بکرێت. وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە و ئەگەری کاریگەرییە سیاسییەکانی لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتی دەخرێتە بەر باس، هەروەها ئەو ستراتیجییە نوێیەی کە لە پرۆسەکەدا پەیڕەو دەکرێت دیاری دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی پارتەکەی هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە لەسەر ئەو بابەتانە بکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment