پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەندازیارەکە لە ژێر ئەشکەنجەی بەرپرسانی گرتووخانەکەدا مردووە
دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، حوسێن عەرەب، پەرلەمانتاری سوننە لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەندازیار بەشیر خالید، لە ژێر ئەشکەنجەی بەرپرسانی گرتووخانەکەدا کوژراوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لای خۆیەوە ڕایگەیاند، ئەو ئەندازیارە لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا بووە بە شەڕی و ئەوان لێیان داوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەندیکای ئەندازیارانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی کوشتنی ئەو ئەندازیارەی کرد و ڕایگەیاند "کوژرانی ئەندازیار بەشیر خالید، بە دەستدرێژییەکی ئاشکرا بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئاشکرای بەها مرۆییەکانە."
سەندیکاکە، لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردەوە، دەستبەرداری بەرگریی لە مافەکانی ئەو ئەندازیارە نابن بۆ ئاشکراکردنی ڕاستی تەواو و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی لەم تاوانە تێوەگلاون.
سەندیکاکە ئاماژەی بەوەش کردووە "مردنی ئەندازیار بەشیر خالید، بەهۆی ئەشکەنجەوە بووە لە زیندان لەلایەن بەرپرسەکانەوە، ئەوەش دەستدرێژییە بۆ سەر کەرامەتی تاکی عێراق لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە و دەبێت هەموو ئەوانەی تێوەگلاوەن بدرێن بە یاسا و سزای خۆیان وەرگرن."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سەندیکای ئەندازیارانی عێراق بە بێ دوودڵی درێغی ناکات لە بەرگریکردن لە مافەکانی ئەندازیار بەشیر، هەروەها هەوڵ دەدات بۆ ئاشکراکردنی ڕاستیی تەواو و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەم تاوانەدا هەیە، بەبێ گوێدانە کاریگەری و هەڵوێستەکانیان." ئاماژەی بەوەش کردووە "کەرامەت و دادپەروەری دروشمی بەتاڵ نین، بەڵکو بنەمایەکی پتەون کە سەندیکا بە هەموو هێزێکییەوە پێوەیان پابەندە."
ڕوونیشی کردەوە، سەندیکا بڕوای بە لێدوان و بەیاننامە و میدییاییەکان نییە، کە هەوڵی پەردەپۆشکردنی بەرپرسانی ئەو تاوانە دەدەن، درێغیش ناکات تا چارەنووسی هەموو ئەو بەرپرسانە لەو تاوانە لە پشت مێزی دادگاوە دەبینێت.
ئاماژە بەوەش کراوە "سەندیکای ئەندازیارانی عێراقی داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، پێکەوە بوەستن بۆ پاراستنی شکۆی ئەو هاووڵاتییە عێراقییە و دڵنیابن لەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییە دووبارە نابێتەوە."
هەروەها سەندیکا بێدەنگ نابێت، بەڵکو هەموو هەنگاوێکی یاسایی و پیشەیی دەگرێتەبەر بۆ بەرگریی لە مافەکانی ئەندازیار بەشیر و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ خێزانەکەی و تەواوی کۆمەڵگەی ئەندازیاری.
ڕاشیگەیاند "دادپەروەری داواکاری نییە؛ پێویستییەکە بۆ یەکپارچەیی دامەزراوەکان، سەندیکای ئەندازیارانی عێراقیش وەک دەنگێکی بەهێز دەمێنێتەوە دژی نادادپەروەری و ستەمکاری، بە توندی بەرگریی لە ماف و کەرامەتی ئەندازیاران دەکات."

