مایڵز کاگینز: دەمانەوێت ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ عێراق بکەین

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکور) دەڵێت، دەمانەوێت ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ عێراق بکەین، دڵنیاییمان پێویستە، چونکە نازانین کە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەین، مافە داراییەکانمان پێ دەدەن یاخوود نا، دەشڵێت: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر ڕژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکور) لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 دەڵێت: ئەو ئالەنگاریانەی هاتوونەتە بەردەم کۆمپانیاکانی ئەپیکور ئەوەیە، ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت لە بازاڕەکانی ناوخۆ ساغ دەکرێتەوە، ئێمە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 30 دۆلار وەردەگرین، ئێمە دەمانەوێت هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەستپێبکاتەوە، ئەوکاتە بەنرخی جیهانیی دەفرۆشرێت کە نرخەکەی 60 بۆ 65 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەوە قازانج دەکەن.

کاگینز ئاماژەی بەوە کرد، بەر لەوەی لە 2023 هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بووەستێت، ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکرا، ئێستا کۆمپانیاکانی ناوخۆ ئەو بڕە نەوتەیان دەوێت بۆ بەرهەمی دیکە بۆ ئەوەی لەناوخۆ ساغی بکەنەوە.

کاگینز دەڵێت: ئامادەین کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بکەین و چەند کۆبووەنەوەکمان لە مانگەکانی ڕابردوو هەبووە و ئاگەدارین وەزارەتی نەوتی عێراق داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵیشی کردووە، ئێمە دەمانەوێت ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامی هەبێت و ڕێککەوتنی نوێ هەبێت، دەمانەوێت دڵنیاییمان پێ بدرێت، بەر لە هەناردەکردنی نەوت پارەمان پێ بدەن، دەمانەوێت کێشەکان چارە بکرێن، بەتایبەت کێشەی ڕاوێژکارەکان کە هەڵسەنگاندن بۆ کێڵگە نەوتییەکان دەکەن، دەشڵێت: ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پێویستە بەهەمان شێوەی ئەو کۆمپانیایانەی لە عێراق کاردەکەن، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ڕایگەیاند کە، بەنیازن بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکەن و بە کوالێتی بەرز بەرهەمەکان بنێرنە دەرەوە.

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکور) گوتی: گرێبەستە هاوبەشەکانی وەبەرهێنان لە نێوان ئەپیکور و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاران و کاریان پێدەکریت و ڕێزیشیان لێگیراوە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، دادگای عێراقیش دووپاتی کردووەتە کە ئەو گرێبەستانەی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوتە، یاسایین و کاریان پێدەکرێت.

کاگینز گوتی: ئاگەدارین سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەڕژدی کاردەکات بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئاگەداربووین ڕۆژانی ڕابردوو لەوبارەوە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هەبوو، هەفتەکانی ڕابردووش گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر ئەو پرسە هەبووە، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکاش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گفتوگۆی کردووە، چونکە هەناردەنەکردنەوەی نەوتی کوردستان کێشەیەکی ئابوورییە بۆ ئەمەریکاش، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەیەکی ئابوورییە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

کاگینز گوتی: محەممەد شیاع سوودانی گرنگی بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەدات و چەند جارێک ڕاگەیاندراوی لەو بارەیەوە هەبووە، دەڵێت: کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر کە لە ساڵی 2005ـەوە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەو کاتەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە، بەڵام لەو کاتەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان وەستاوە، وەبەرهێنانمان ڕاگرتووە، دەشڵێت: لەو کاتەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان وەستاوە،  زیاتر لە 24 ملیار دۆلار زیان کەوتووەتەوە کە بەر کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر، گەنجینەی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە، بەڵکو لەسەرووی هەموویانەوە زیان بەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کەوتووە، بە پارەی ئەو نەوتە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت کاری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی خۆی بکات.

مایڵز کاگینز ئاشکرای کرد، ئەمەریکا دەیەوێت عێراق ئابوورییەکی بەهێز و سەربەخۆی هەبێت، چاویشی لەوەیە عێراق پشت بەخۆی و وزەی خۆی ببەستێت، ئەو توانایەی لەژێر خاکی عێراقدا هەیە کە پرە لە نەوت و گاز، پێویستە سوودی لێ وەرگرێت و لەسەر پێی خۆی بووەستێت و پشت بە وڵاتانی دراوسێ نەبەستێت بۆ کڕینی کارەبا.

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکور) گوتی: نازانم کەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام بەر لە هەناردەکردنەوەی نەوت، پێویستمان بەڕێککەوتنی نوێیە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانیش ڕێزیان لێبگیرێت، دەڵێت: هەر کاتێک وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، وەبەرهێنەرانی زیاتر دێنە کوردستان لە کەرتە جیاوازەکان کاردەکەن.