مەسعود پزیشکیان: بەدوای شەڕەوە نین لەگەڵ ئەمەریکا
سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان دەڵێت: ئێران هەوڵی شەڕ لەگەڵ ئەمەریکا نادات، دەشڵێت: ئێمە نامانەوێت بۆمبی ئەتۆمی دروست بکەین.
دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک ئەمەریکا فشاری توند لە ئێران دەکات و هەڕەشەکانی توندتر دەکات، پرسیار دەکات و دەڵێت: چۆن بەو شێوەیە دیالۆگ دەکرێت؟
مەسعود پزیشکیان دەڵێت: ئێمە باوەڕمان بە دیالۆگ و گفتوگۆ هەیە، بەڵام لە ڕوانگەی زەلیل بوون نا، ڕێککەوتنیش ناکەین ئەگەر باجەکەی هەرچی بێت، ئێمە داوای شەڕ و ئاڵۆزیمان نەکردووە، لە هەوڵی دروستکردنی بۆمی ئەتۆمیش نین.
شەممەی ڕابردوو، مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی ئامادەیە هەنگاو بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ ئەمەریکا بنێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد، ئێران ئەو هەنگاوە لەگەڵ ئەمەریکا ڕاستەوخۆ دەگرێتە بەر، یاخود بەشێوەی ناڕاستەوخۆ.