عراقچی: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمەریکایە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە عوممان، دانوستانی ناڕاستەخۆی ئەمەریکا و ئێران دەست پێ دەکات.
عراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: شەممە 12ی نیسانی 2025 لە ئاستی باڵا دیدار و دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمەریکا لە سەڵتەنەی عوممان دەست پێ دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو هەنگاوە بە دەرفەت و و تاقیکردنەوە ناو دەبات و دەڵێت: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمەریکایە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، شاندی باڵای دانوستانکاری ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویکتۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، لەلایەن عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتی دەکرێت، بەڵام ئەوەی خاڵی ناکۆکە لە بارەی دانوستانی تاران و واشنتن لە عوممان، ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ بوونی دانوستانەکەیە.
ئەم قسانەی عەباس عراقچی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی گوتی: ئێستا لە سەروبەندی گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران داین.
ترەمپ ئاماژەی دا، شەممە لە ئاستی باڵا دانیشتنێکی زۆر گرنگ و کاریگەریان دەبێت و گوتیشی: هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی ڕێککەوتن باشترە لە کار و کردەوەی دیکە، ئاشکرایە ئەمە فاکتەرێک نییە، بمەوێت بەکاری بهێنم، چونکە ئێستا چووینەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار مەترسیدار.
سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، کە تاران ناتوانێت چەکی ئەتۆم بە دەست بێنێت.