سوودانی: کەمپی هۆل مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سوودانی جەخت لە گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت: مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات.

لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کریستن بێرگنر، پاڵێوراوی سویسری بۆ کۆمسیاری باڵای کاروباری مافەکانی مرۆڤ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پابەندن بە گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆڵی پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داواش لە هەموو وڵاتان دەکات، هاووڵاتییەکانیان لە کەمپی هۆلی سووریا ببەنەوە "چونکە ئەو کەمپە مەترسیی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات."

جەختیشی کردەوە "عێراق بەم زووانە بۆ هەمیشە کۆتایی بە دۆسییەی کەمپەکان دەهێنێت و هەموویان دادەخات."

ئەمە لە کاتێکدایە، چوارشەممەی ڕابردوو، 2ـی نیسانی 2025، دەیان خێزانی عێراقی نیشتەجێی کەمپی هۆل گەڕانەوە کەمپی جەدعەی مووسڵ.

بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی کەمپەکە، کەمپی هۆل کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەڕێوە دەبرێت، زیاتر لە 15 هەزار و 600 هاووڵاتی سووریی ئاوارە لەخۆ دەگرێت کە لە چوار هەزار و 300 خێزان پێک هاتوون، ژمارەی پەنابەرە عێراقییەکانیش نزیکەی 15 هەزار کەسن، کە لە 4330 خێزان پێکهاتوون، هەروەها شەش هەزار و 389 پەنابەر لە لانیکەم لە 45 نەتەوەی جیاواز، لەوانە فەرەنسی، سویدی، هۆڵەندی، ڕووس، تورک، تونسی و میسرییان تێدایە.