بەڤیدیۆ.. هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە توندی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە
ماوەی چەند ڕۆژێکە فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق، لە چەند پارێزگایەک دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و داوای زیادکردنی مووچە و پێدانی زەویی نیشتەجێبوون دەکەن.
سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، لە شاری ناسریە فەرمانبەرانی پەروەردە بۆ داواکردنی مافەکانیان، دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە، بەڵام دواتر پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی فیدراڵی ڕووی دا کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیاکانی ناوخۆیی، شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس ڕووی داوە، لەئەنجامدا پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکار هێنا کە بەهۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.
هەروەها خۆپیشاندانەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگاکانی دیالە، بەسرە، زیقار و بابل، بەردەوامە و داوای زیادکردنی مووچە و پێدانی پارچە زەویی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەن.
لە دیالە، مامۆستایان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە گردبوونەوە و داوای باشترکردنی دۆخی داراییان دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر .
هەروەها مامۆستایانی پارێزگای بەسرە، لە بەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە خۆپیشاندانیان کرد و هەڕەشەیان کرد ئەگەر بێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، چیتر دەوام ناکەن.
سەفا مالیکی، نوێنەری خۆپیشاندانەکان بە میدیاکانی گوت: "هەزاران مامۆستا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان کردووە و داوای زیادکردنی مووچە و دابەشکردنی زەویی دەکەن." جەختیشیکردەوە "مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق بەردەوام دەبێت."
ئاماژەی بەوەش دا "ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پێویستە ئەم بابەتە دابخات، مافی تەواو بە فەرمانبەرانی پەروەردە ببەخشێت، هەروەها کاربکات بۆ بەدیهێنانی داواکارییە ڕەواکانیان لەڕێگەی زیادکردنی مووچەکانیان بەگوێرەی دۆخی ژیان و دابەشکردنی زەوی."
گوتیشی: "جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان، تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات و مانگرتنەکە درێژ دەکاتەوە، بەتایبەتی کە ئێستا نزیک دەبینەوە لە تاقیکردنەوەکان."
لە هەمان کاتدا، مامۆستایانی پارێزگای زیقار لەگەڵ پۆلیس تووشی پێکدادان بوونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندانەکانی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە کرد.