خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەران، حکوومەتی عێراقی ناچار کرد چەند بڕیارێک دەربکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشوازیی لە سەرۆکی سەندیکای مامۆستایان کرد و کۆمەڵێک بڕیاری تایبەت بە فەرمانبەران و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە دەرکرد.

سێشەممە، 8ـی  نیسان 2025. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشوازیی لە سەرۆکی سەندیکای مامۆستایانی عێراق کرد و کۆمەڵێک بڕیاری تایبەتی بە سوودی فەرمانبەران و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەرکرد، کە بریتین لە:

بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی پەروەردە و فێرکاریی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە. هەروەها لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی نووسراوی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران / دەسەڵاتی باڵا، بۆ هەماهەنگیی نێوان پارێزگاکان، کە ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەت لەخۆدەگرێت بۆ دامەزراندنی گەڕەکی تایبەتی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران و کادیرەکانی وەزارەتی پەروەردە بە بەشداریی سەندیکای مامۆستایان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.

- وەزارەتی دارایی کرێی گواستنەوەی سەرپەرشتانی پەروەردەیی دابین دەکات، وەک لە بودجەی هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردەی سەر بە وەزارەت تەرخان کراوە.

- وەزارەتی پەروەردە بڕی 100 هەزار دینار بۆ بەڕێوەبردنی کاری ئیدارەی قوتابخانەکان خەرج دەکات، بۆ هەر وەرزێکی خوێندن.

- چالاککردنی سەرجەم بڕگەکانی یاسای پاراستنی مامۆستا، ژمارە 8ـی ساڵی 2018. 

-ئامارگیرییەکی ئەو قوتابخانانە بکرێت کە 100 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکانەوە دوورن، بۆ زانینی کەمیی میلاکاتی مامۆستا و فەرمانبەران، تاوەکوو چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

-وەزارەتی دارایی دیراسەی هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتکردنی بێبەرامبەر دەکات، بۆ مەبەستی پاداشت و پلەبەرزکردنەوە. 

- پێدانی قەرزی دارایی بە فەرمانبەرانی پەروەردەیی و لە بانکە حکوومەتییەکانەوە، بە ڕێژەیەکی کەمی سوود، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان.

سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، لە شاری ناسریە فەرمانبەرانی پەروەردە بۆ داواکردنی مافەکانیان، دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە، بەڵام دواتر پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی فیدراڵی ڕووی دا کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندار بوون.