هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی چوار ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

ڕاوێژکارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە هەفتەی داهاتووەوە، ئامادەکاریی بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی چوار بۆ بەغدا دەکرێت.

سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، ڕاوێژکارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لیستی مووچەی مانگەکانی یەک، دوو، سێ، دەبنە بنەما بۆ مووچەی مانگی نیسان، ئێستا دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچە کراوە و هەفتەی داهاتوو لیستەکە ئامادە دەبێت و هەر هەفتەی داهاتوو، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە لەگەڵ خۆیان دەبەنە بەغدا.

 ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، هەفتەی داهاتوو داهاتی نانەوتی مانگی ئادار ڕەوانەی بەغدا دەکرێت و پێشبینی دەکرێت نزیکەی 60 ملیار دینار بێت.