بەرگریی شارستانیی سۆران: 100 کارمەند و 12 تیم لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئاڤێستا یووسف بەردەوامن

چوار ڕۆژە گەڕان لەنێو ڕووباری تەنگاتوور بەدوای ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ بەردەوامە و بەرگریی شارستانیی سۆرانیش دەڵێت: 100 کارمەند و 12 تیم لە گەڕان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی.
سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ماوەی چوار ڕۆژە تیمەکانی ئێمە بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو کچەی کەوتووهتە نێو ڕووباری تەنگاتوور لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتیشی: ڕۆژانە بۆ ماوەیی 11 کاتژمێر بە 12 تیم و 100 کارمەند لەنێو ڕووبار دەگەڕێین، پێشبێنی دەکەین بەهۆی هەبوونی لماو لە شوێنێک گیر ببێت بەتایبەتی لە چەند شوێنێک کە قۆوڵایی زۆرە و لماویی زۆری تێدایە، ڕۆژانە جێگۆڕگێ بە شوێنەکان دەکەین و 12 بازگەی جێگیر لەناو ڕووبارەکەمان داناون.
بەگوتەی کاروان میراودەلی سبەی چوارشەممە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی خەبات و ئاکرێش وەک هاوكارییان دهكهن.
شەممە، 5ـی نیسانی 2025، خێزانێک بۆ گەشتکردن چوونەتە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، لەو کاتەدا خوشک و برایەک بۆ وێنەگرتن دەچنە لێواری رووبارەکە لەو کاتەدا برایەکە دەکەوێتە نێو ڕووبار و خوشکەکەی بە ناوی ئاڤێستا یووسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دەدات، بەڵام براکەی لەناو ڕووبارەکە بە سەلامەتی دەرچوو، ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ تاوەکوو ئێستا بێسەروشوێنە.