ماکرۆن داوای دەستپێکردنەوەی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکات

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند: دۆخی دانیشتووانی غەززە زۆر خراپە و بەرگەی ئەو برسێتییە بەردەوامانە ناگرێت. هاوکات جەختی لە دەستپێکردنەوەی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتەکە کردەوە.
سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە میانەی سەردانی بۆ شاری عەریشی میسر، کە نزیکە لە دەروازەی ڕەفەح، گوتی: بە توندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی کارمەندانی فریاگوزاریی لە کەرتەکە دەکەم.
هاوکات ڕایگەیاند: دۆخی دانیشتووانی کەرتی غەززە بە ڕادەیەک خراپە، کە بەرگەی برسێتی زیاتر ناگرێت.
سەرۆکی فەرەنسا، جەختی لە دەستپێکردنەوەی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە کردەوە.
هەروەها بە توندی ڕاگواستنی خەڵکی کەرتی غەززە بۆ ناوچەیەکی دیکە ڕەت کردەوە و پشتگیریشی له پلانی کۆمکاری عەرەبی بۆ بونیاتنانەوەی کەرتەکە کرد.
گوتیشی: فەرەنسا و میسر سەرکۆنەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکەن.
5ـی نیسانی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) ڕایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا ڕۆژی سێشەممە 8ـی نسانی 2025، لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی میسر دەکات و بەشداریی لە لووتکەیەكی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە دەکات.