ترەمپ، پشتیوانێکی هاوڕەگەزخوازانی لە لێژنەی سەربازیی ناتۆ لەکار لادا

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا(پێنتاگۆن) ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکایی بەناوی شۆشانا چاتفیڵد لە پۆستەکەی دوورخستەوە. 

چاتفیڵد، تاکە ژنی ئەمریکایی بوو لە کۆمیتەی سەربازی ناتۆ، بەهۆی پشتگیری کردن لە هاوڕەگەزخوازان لە خزمەتی سەربازیی ئەمریکا لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، شۆشانا چاتفیڵد، یەکێکە لەو ئەفسەرانەی هێزی دەریایی کە خاوەنی سێ ئەستێرەیە و  سەرکردایەتی کۆلێژی جەنگی دەریایی دەکرد.

عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەمەریکا پێشتر و لە ڕۆژی سوێندخواردنی یاسایی دۆناڵد ترەمپ گوتی:  دۆناڵد ترەمپ بە دوو ئینجیل سوێند دەخوات، یەکیان هی دایکیەتی کە ساڵی 1955 پێی داوە، ئەوەی دیکەش ئەبراهام لینکۆڵن سوێندی پێ خواردووە ساڵی 1761.

دەشڵێت: چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ 200 بڕیار ئیمزا بکات کە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمەریکا لەگەڵ دەستپێکی وەرگرتنی دەسەڵاتیان دەریان نەکردووە، لەوانەش زیاتر لە 10 بڕیار تایبەتە بە پرسی کۆچبەری و کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، لەگەڵ ناردنی هێزی سەربازیی بۆ سنوورەکان و دیپۆرت کردنەوەی کۆچبەرە نا یاساییەکان، بەتایبەت ئەوانەی تاوانیان کردووە.

عیسا حەسەن گوتی: ترەمپ بڕیار لەبارەی ڕەگەزی دەردەکات، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە لەوەی، تەنها دوو ڕەگەزی نێر و مێ هەیە لە ئەمەریکا، ئەوەش بڕیارێکە بەرامبەر ئەوانەی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیووە.