181 خێزانی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە عێراق

حکوومەتی عێراق ئاشکرای دەکات لە کۆتایی مانگی ڕابردوو 181 خێزانی دیکەی کەسوکاری چەکدارانی "داعش"ـیان  لە کەمپی هۆل لە سووریا گەڕاندووەتەوە کە لە 680 کەس پێک هاتوون.

سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، میدیای فەرمی عێراق بڵاوی کرده‌وه‌، لەکۆتایی مانگی ئادار 181 خێزانی دیکەی کەسوکاری چەکدارانی داعش کە لە 680 کەس پێک هاتوون لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندووەتەوە عێراق، ئاماژە بەوەش دەکات، لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکوو ئێستا سێ هەزار و 751 خێزان کە لە 14 هەزار و 513 کەس پێک هاتوون گەڕێندراونەتەوە عێراق و لەو ژمارەیەدا تەنیا چوار هەزار و 700 کەس لە سەنتەرەکانی پشتیوانیکردنیان بۆ تێكەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە ماون ئەوانی دیکە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.

لە ساڵی 2021ـەوە زیاتر لە 14 هەزار کەس لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە عێراق.

لەلای خۆیەوە ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کەمپی هۆل بابەتێکی هەستیار و گرنگە تەنیا پەیوەست نییە بە عێراقەوە. گوتیشی: دەبێت بە بەشداریی هەمووان کۆتایی بە بابەتی کەمپی هۆل بهێنرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment