ئیسرائیل بۆ گۆتێرێز: هاوکارییەکانی غەززە کێشەی نییە
دوای ئەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی، بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل لە مانگی ئادارەوە ڕێگەی نەداوە هیچ هاوکارییەک بگاتە نێو کەرتی غەززە، لای خۆیەوە ئیسرائیل بوونی "کەمیی یارمەتی لە کەرتی غەززە"ی ڕەتکردەوە.
ئۆرن مارمۆرشتاین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند "لە کەرتی غەززە هاوکاریی کێشەی نییە. گوتیشی: لە کاتی ئاگربەستدا زیاتر لە 25 هەزار بارهەڵگر چوونەتە ناو کەرتی غەززە و حەماسیش ئەم هاوکارییەی بەکارهێنا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئامێری جەنگی خۆی. دەشڵێت: گۆتێرێز "بوختان دژی ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە گۆتێرێز دوێنێ سێشەممە پێشنیازێکی نوێی ئیسرائیلی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ غەززە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند "ئیسرائیل خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی زیاتر و سنووردارکردنی هاوکارییەکانە، تا دەگاتە دوا کالۆری و دەنکە ئاردی."
گۆتێرێز بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "لە 2ی ئادارەوە تا ئێستا هیچ هاوکارییەک نەگەیشتووەتە کەرتی غەززە کە نزیکەی دوو ملیۆن و 100 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، ڕێگە بە هیچ کەلوپەل و پێداویستییەک نادات بچێتە ناو غەززە، تا ئەو کاتەی حەماس هەموو ئەو زیندانیانەی کە ماونەتەوە ئازاد نەکات."
ڕێکخەری چالاکییەکانی حکوومەت لە ناوچەکان (کۆگات) کە دەزگای سەربازی ئیسرائیلە، بەرپرسە لە هەماهەنگیکردنی هاوکارییەکان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە و ڕایگەیاندووە "میکانیزمێکی ستراکتۆری بۆ چاودێریکردن و چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکان" بۆ غەززە پێشنیاز کردووە.