17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە
بە بەشداریی زیاتر لە 350 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە، 17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-04-2025، 17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە دروشمی "جیهان بە کوردی دەدوێت" دەکرێتەوە.
ئەمساڵ زیاتر لە 350 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتی جیهانەوە بەشداری پێشانگەکەیان کردووە و هەزاران ناونیشانی جۆراوجۆر نمایش دەکەن.
لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری پێشانگەکەش داوا لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە دەکات بە هیچ شێوەیەک ئەو کتێبانەی توندوتیژی هزری بڵاو دەکەنەوە نمایش نەکەن.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی تا 08:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت. هەروەها کوردستان24 هاوبەشی میدیایی پێشانگەکەیە و ڕووماڵی هەموو گۆشەکانی پێشانگەکە دەکات.
هاوکات، لە چواچێوەی چالاکییەکانی پێشانگەکەدا، گفتوگۆی ڕۆشنبیری و کولتووری جۆراوجۆر، خوێندنەوەی شیعر و واژۆکردنی کتێبە نوێیەکان و چەند ئاهەنگێکی هونەری و پانێڵی جۆراوجۆر لەبارەی عێراق و ناوچەکەوە بەڕێوە دەچن.