22 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق تێدەپەڕێت

بیست و دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ڕژێمی بەعس لە عێراق ڕووخا و پەیکەری سەدام حوسێن لە گۆڕەپانی فیردەوس لە بەغدا شکێنرا، هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە 20ـی ئاداری 2003 ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر عێراق دەست پێ کرد، تاوەکو 1ـی ئایاری هەمان ساڵ بەردەوام بوو.

دوای چەندین هۆشداریی بۆ سەدام حوسێن، ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر عێراق دەست پێ کرد، ئۆپەراسیۆنەکە بەناوی ئازادکردنی عێراق بوو، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک ڕژێمی سەدام ڕووخا.

ئەمەریکا لە 20ی ئاداری 2003 ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراقی دەست پێ کرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە 41 ڕۆژ بەردەوام بوو، لە 9ـی نیسانی 2003 هێزەکانی هاوپەیمانان لە چەندین ئاڕاستەوە چوونە ناو بەغدای پایتەختی عێراق، بەم شێوەیەش زەنگی ڕووخانی ڕژێم لێدرا و پەیکەری سەدام لە گۆڕەپانی فیردەوس لە بەغدا شکێنرا.

هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا 177 هەزار سەربازیان لە عێراق بڵاوەپێکرد، زۆربەی سەربازەکان ئەمەریکی بوون، ژمارەیان 130 هەزار سەربازبوو، بەریتانیاش 45 هەزار سەرباز، ئوسترالیا 2 هەزار سەرباز و پۆڵەندا 194 سەرباز، ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ لەناوبردنی ڕژێمی سەدام بوو، لە ماوەیەکی کەمیشدا بە سەرکەوتوویی ئەرکەکە جێبەجێ کرا، دوای ئەوەی ئەرکی هاوپەیمانان بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات، جۆرج بوشی کوڕ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەسەر کەشتی جەنگیی ئەبراهام لینکن لە دەریای ناوەڕاست وتاری سەرکەوتن و کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانانی پێشکەشکرد، بوش ڕایگەیاند، " ئۆپەراسیۆنەکەیان لە عێراق کۆتاییهات و ڕژێمی سەدام لەناوچوو، ئەمەریکا و هاوپەیمانان سەرکەوتن.