دەم پارتی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا تاوتوێ دەکات

شاندێكی دەم پارتی لە ڕووسیایە و  پرۆسەی ئاشی لە تورکیا، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

شاندێکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) کە لە جێگرانی هاوسەرۆک و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی پارتەکە پێک هاتوون، لە ڕووسیایە.

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە دەم پارتی، شاندەکە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا دەبێت و لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دەکرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ماڵپەڕی خەبەرتورک، لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی نیساندا کۆنگرەی پەکەکە بۆ مەبەستی چەک دانان بەڕێوە بچێت. بەر لەوەش شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار تورکیا ڕێکەوتێک بۆ دەم پارتی دیاری دەکات.

بە گوێرەی زانیاریی ماڵپەرەکە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، شاندی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەنەوە و بۆ چوارەمین جار چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان دەکەوێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان جارێکی دیکە جەخت لە چەک دانان دەکاتەوە و دوای ئەو پەیامەش پەکەکە لەم مانگەدا کۆنگرەی هەڵوەشانەوەی دەبەستێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment