چین: تا کۆتایی شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین
وەزارەتی بازرگانی و دەرەوەی چین دووپاتیان کردووە کە باجە گومرگییەکانیان هەڵناوەشێننەوە و ڕووبەڕووی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا دەبنەوە، ئەمەش لە کاتێک دایە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ئەگەر چین بڕیارەکەی هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوە ڕێژەی سەپاندنی باج بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاد دەکەین بۆ 104%.
چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، وەزارەتی بازرگانی چین لە بارەی زیادکردنی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا بە ڕێژەی 104% بۆ سەر وڵاتەکەی، ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا لە بەرزکردنەوەی باجەکان بەردەوام بێت و قەبارەی بازرگانییەکان سنووردار بکات، ئەوە چین تا کۆتایی شەڕی بازرگانیی لەگەڵ ئەمەریکا دەکات.
لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش لەوبارەیەوە گوتی: گەلی چین مافی خۆیەتی بەرەو پێش بچێت، بۆیە نابێت سەروەری و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی چین پێشێل بکرێن.
هاوکات داوای گفتوگۆییەکی یەکسان و دادپەروەر لەگەڵ ئەمەریکا دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین جەختیشی کردەوە، چین بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو هەڵوێستانەی ئەمەریکا دەبێتەوە.
ئەمەش لە کاتێک دایە، پێشتر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر چین لە 9ـی نیسانی 2025 باجە گومرگییەکانی بە ڕێژەی 34% بەسەر ئەمەریکا هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوە کۆی گشتیی ڕێژەی باجەکانی سەر چین دەکەنە 104%.