سەرۆک بارزانی بۆ سیاسییەکانی عێراق و کوردستان: دەبێت جورئەتتان هەبێت، دان بە هەڵەکانتاندا بنێن
سەرۆک بارزانی داوا لە هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و دەڵێت: دەبێت جورئەتی ئەوەیان هەبێت، دان بە هەڵەکاندا بنێن.
چوارشەممە، 09-04-2025، سەرۆک بارزانی لە گوتاری کردنەوەی 17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، باسی لە چەند بابەتێک کرد، یەکێک لەوان، دۆخی عێراقی لە دوای ساڵی 2003 و چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بوون.
وەکوو ئەوەی سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێ دا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، عێراقی تازە لەسەر هەرسێ بنەمای سەرەکیی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان دامەزرێنرا "بەڵام بەداخەوە ئیلتیزامی پێ نەکرا."
سەرۆک بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی "تا حەددێکی باش" بەشێکی کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارە کراون. بەڵام دووپاتی کردەوە، بەشێکی زۆری کێشەکان تاوەکوو ئێستە چارە نەکراون و بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
سەرۆک بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە، جێبەجێکردنی هەر سێ بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان و پابەندبوون بە دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق، کە کورد ڕۆڵێکی سەرەکیی لە نووسینەوەیدا بینی و سەدا 85ـی خەڵكی عێراق دەنگی پێ دا، تاکە ڕێگەیە بۆ چارەکردنی بنەڕەتیی هەموو کێشەکان. وەکوو خۆی باسی کرد، ئەگەر لە سەرەتاوە دەستوور و ئەو سێ بنەمایە جێبەجێ کرابان، بەشێکی زۆری گرفتەکانی ئێستەی عێراق سەریان هەڵنەدەدا و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش کێشەیان تێ نەدەکەوت.
سەرۆک بارزانی ئامادەیی و پشتیوانیی خۆی بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە و بە پێویستیشی دەزانێت هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان "جورئەتی ئەوەیان هەبێت، دان بە هەڵەکاندا بنێن و دیسان لاپەڕەیەکی تازە بکەنەوە بۆ ئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت."