چین ڕێژەی باجی گومرکی بەسەر ئەمەریکا بۆ 84%بەرزکردەوە
وەزارەتی بازرگانی چین، لە وەڵامی باجە گومرکییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە سبەیەوە ڕێژەی باجی گومرکی بەسەر کەلوپەلەکانی ئەمەریکادا زیاد دەکرێت، هاوکات نزیکەی 12 کۆمپانیا ئەمەریکاییی لە چین، خستە ژێر چاودێریی حکوومەت و شەش کۆمپانیای دیکەشی خستە لیستی ڕەشەوە.
چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، وەزارەتی بازرگانی چین لە وەڵامی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025 لە کاتژمێڕ 12:01pm ، ڕێژەی باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلکانی ئەمەریکا لە %34ـەوە زیاد دەبێت بۆ بە 84%.
هەروەها ئاماژەشی دا، نزیکەی شەش کۆمپانیای ئەمەریکاییان خستووتە نێو لیستی ڕەشەوە و 12 کۆمپانیای دیکەش خستە ژێر چاودێریی حکوومەتەوە.
سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەو بارەیەوە گوتی: چین لەو بڕیارە پەشیمان دەبێتەوە و خۆی زەرەمەندی یەکەم دەبێت، چونکە ئەوان پێنج ئەوندەی ئێمە کەلوپەل هەناردەی ئەمەریکا دەکەن.
دەشڵێت: بەداخەوم بۆ ئەوەی چین پەرەسەندنی کێشەکانی بەسەر گفتوگۆکردندا هەڵبژاردن، بەمەش ئەوان پێشێلکاریی سیستەمی بازرگانیی جیهان دەکەن.
هەروەها وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سەبارەت بە دەرکردنی پشکەکانی چین لە بۆرسەی ئەمەریکا گوتی: هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە، بڕیارەکەش بە دەست دۆناڵد ترەمپە و ئەم بابەتەش گتوگۆی لە بارەیەوە دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، چین سکاڵایەکی نوێی لەسەر ئەمەریکا لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهان تۆمار کرد.
دوای بڕیارەکەی چین، نرخی زێر بە ڕێژەی 3% لە بۆرسەی بەرز بووە و نرخی نەوتیش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بازرگانی چین لە بارەی زیادکردنی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا بە ڕێژەی 104% بۆ سەر وڵاتەکەی، ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمەریکا لە بەرزکردنەوەی باجەکان بەردەوام بێت و قەبارەی بازرگانییەکان سنووردار بکات، ئەوە چین تا کۆتایی شەڕی بازرگانیی لەگەڵ ئەمەریکا دەکات.
وەزارەتی دارایی چین ڕۆژی هەینی 4ـی نیسانی 2025 ڕایگەیاندبوو، هەر کەلوپەلێک لە ئەمەریکەوە هاوردە بکرێت 34% باجی زیاتری گومرگی لێوەر دەگیرێت.
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندبوو، هەناردەکردنی حەوت کانزای دەگمەنی بۆ ئەمەریکا سنووردار کرد، لەوانە گادۆلینیۆم کە بە پێکهاتەیەکی کیمیایی سەرەکییە لە ئامێری وێنەگری موگناتیزی (MRI) لەگەڵ ماددەی ئیتریۆم کە لە تەکنەلۆژیای ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکار دەهێنرێت.
ئەمەش لە کاتێک دایە، پێشتر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر چین لە 9ـی نیسانی 2025 باجە گومرگییەکانی بە ڕێژەی 34% بەسەر ئەمەریکا هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوە کۆی گشتیی ڕێژەی باجەکانی سەر چین دەکەنە 104%.