سبەینێ پەرلەمان دەربارەی داواکاریی فەرمانبەران و مامۆستایان کۆ دەبێتەوە

سبەینێ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت سەبارەت بەداواکارییەکانی فەرمانبەر و مامۆستایانی خۆپیشنادەر دەکات.

پێنجشەممە، 10ی نیسانی 2025، پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ، دانیشتنێکی تایبەت سەبارەت بەداواکارییەکانی فەرمانبەر و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە دەکات، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان دەکەن.

هاوکات ئەمڕۆ چواڕشەممە، 9ـی نیسانی 2025، زیاتر لە 60 بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لە پارێزگای زیقار بەکۆمەڵ دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەو پێشێلکاریانەی کە لەخۆپیشاندانەکانی دوێنێ دژیان کراوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق، لە چەند پارێزگایەک دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و داوای زیادکردنی مووچە و پێدانی زەویی نیشتەجێبوون دەکەن.

سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، لە شاری ناسریە فەرمانبەران و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە بۆ داواکردنی مافەکانیان، دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە، بەڵام دواتر پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی فیدراڵی ڕووی دا کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندار بوون.

بەگوێرەی میدیاکانی ناوخۆیی، لە پێکدادانەکانی نێوانیان، پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکار هێناوە کە بەهۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.

هەروەها خۆپیشاندانەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگاکانی دیالە، بەسرە، زیقار و بابل، بەردەوام بوو و داوای زیادکردنی مووچە و پێدانی پارچە زەویی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەن.