باڵیۆزی هیندستان: هانی بازرگان و خاوەنکارانی هەرێم و هیندستان دەدەین پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن

هەرێمی کوردستان و هیندستان گرنگی زیاتر بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەدەن و باڵیۆزی ئەو وڵاتەش دەڵێت: هانی بازرگان و خاوەنکارانی هەردوولا دەدەین پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن.
چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، سۆمین پاکچی، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێمە بەردەوام هانی بازرگان و خاوەنکارانی هیندستان و هەرێمی کوردستان دەدەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانییان فراوانتر بکەن و ئاسانکاری تەواویش بۆ هەردوولا دەکەین.
باڵیۆزی هیندستان گوتیشی: دامەزراندنی پڵاتفۆرمی بازرگانیی هاوبەش لەنێوان بازرگانەکانی هەرێم و هیندستان زۆر گرنگە، یارمەتی وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولا دەدات و دەبێتە هۆی باشترکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
دوێنێ سێشەممە، شاندێکی بازرگانیی هیندستان لەگەڵ سۆمین پاکچی، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق، سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد. 
هەر ئەمڕۆ هیندستان سەنتەرێکی بازرگانی لە هەولێر دەکاتەوە.
جووڵەی بازرگانی لە نێوان وڵاتی هیندستان و عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباش دایە، زۆرترین بەرهەمی هاوردەش لەو وڵاتەوە قوماش و چای و قاوە و برنجە.